ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سەرچاوە کوردییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا لە دیدارێکی نهێنی لەگەڵ تاقمێک کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان و ڕۆشنبرانی شاری کۆبانی، بەڵێنی پێداون کە مافی کوردەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێی سووریادا دەپارێرێت. بە گوێرەی ئەو سەرچاوانە، لەم دیدارەدا کە لە سەرەتای حەوتەی ڕابردوو و لە میانەی سەفەری ڕانەگەیێندراوی بۆ بەندئاوی تەبەقە بەڕیوەچوو، نزیکەی 15 کەس لە نوێنەرانی چینە جۆراوجۆرەکانی سیاسیی کورد و لەوان کەسایەتییە نزیکەکان بە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) و هەروەها دژبەرانیان ئامادە بوون.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە جۆلانی لەو دیدارەدا جەختی لە زەروورەتی ڕاپەڕاندنی کامڵی ڕاگەیێندراوی ئەمدواییەی خۆی سەبارەت بە بەفەرمیناساندنی مافی مەدەنی و کەلتووریی کوردەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی نوێی سووریا هاوکاتی ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو ڕەوتە کوردییەکان، پابەندی پاراستنی ئەو مافانە دەبێت.
بەوەشەوە، ئامادەبووانی دانیشتنەکە ئاشکرایان کردووە کە جۆلانی لە میانەی لێدوانەکانیدا بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردەکانی هەسەدە گرتووە و ئیدعای کردووە: هەسەدە بەهایەک بە مافی کوردەکان نادا و تەنیا بەدوای پارچەیە زەوییەک بۆ مانەوەی خۆیان و هەڵگیرساندنی شەڕ لەو خاکەوەن. بەڵام من ڕێگەی ئەو کارەیان پێ نادەم. ئێمە دەمانەوێ شەڕ بوەستێت و سووریا یەکپارچە بمێنێتەوە.
سەرچاوەکان هەروەها باس لەوە دەکەن کە نوێنەرانی کوردی ئامادەبووی ئەو دانیشتنە سەرەڕای هەندێک نیگەرانیان لەبارەی پرسە قەبە سیاسییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر متمانەیان بە گەڕەنتییەکانی شەرع کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک وەک هاوپەیمانی سەرەکیی واشنتۆن لە شەڕ دژی داعش، بە هۆی گۆڕانی هەڵویستی سیاسیی ئەمریکا لە مانگە ڕابردووەکان و تەرکیزی پاڵپشتیی ئەمریکا لە دەوڵەتی کاتیی ئەحمەد شەرع، پێگەی کوردەکان لاواز بووە و ئەو گۆڕانکارییە هەلێکی بۆ هێزەکانی سەر بە جۆلانی ڕەخساند کە لە حەوتەکانی ڕابردوودا هێرش بکەنە سەر کوردەکان و ناچاریان بکەن لە پاشەکشێ لە حەلەب و ڕەقە و دیرەزور.پێشڕەویی هێزەکانی جۆلانی هەر بەوە نەوەستاوە و توانیویانە هەندێک لە گرینگترین کێڵگە نەوتییەکانی سووریا، بەندئاوەکان، زەوینی کشتوکاڵی و هەروەها ئۆردووگا و زیندانەکانی ڕاگرتنی داعشییەکان لە هەسەدە بستێننەوە.
ئەمانە بەشێک لەو گۆرانکارییانەن کە لە پاش ڕێککەوتنی ئاگربڕی 16ی ژانڤیە ڕووی داوە؛ ڕێککەوتنێک کە پاش کۆبوونەوەی مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و تام باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، واژۆ کرا. لە کاتێکدا کە دیداری شەرع لەگەڵ کەسایەتییە کوردەکان، ڕێک چەند ڕۆژ پاش میوانداریی لە مەزلووم کۆبانی لە دیمەشق ئەنجام دراوە.
سەبارەت بە دیداری فەرماندەی هەسەدە و جۆلانی کە لە 19ی ژانڤیە ئەنجام درا و 5 کاتژمێر درێژەی خایاند، دەنگۆی جۆراوجۆر هەیە و هەندێک سەرچاوە ئاشکرایان کردووە کە شەرع داوای لە کوردەکان کردووە کە بەزووترین کات ڕێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ ئاوێتەکردنی هێزەکان و ڕادەستکردنی دەسەڵاتی ناوچەکان راپەڕێنێت و لە بەرامبەر بەربژێرانێک بۆ پۆستەکانی جێگرایەتی وەزیری بەرگری، پارێزگاریی حەسەکە و هەروەها لیستێک لە نێوەرانی پارێزگای حەسەکە بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە بناسێنێت. بەڵام کۆبانی لە بەڵێنەکانی خۆی پاشگەز بۆتەوە و دیسان جەختی لە سەربەخۆیی یەکجاریی پارێزگای حەسەکە و ئاوێتەبوونی سەربەخۆیانەی یەکینەکان لە ئەرتەشی سووریا کردووە و خوازیاری مۆڵەتی 5 ڕۆژە بۆ گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە بووە؛ بەو مەرجەی کە ئەرتەشی سووریا پێش بە پێشڕەوییەکانی بگرێت.
ئەو سەرچاوانە ئاشکراشیان کردووە کە تام باراک پاش پاشگەزبوونی کۆبانی لە بەڵینەکانی، بە توڕەیی دانیشتنەکەی بەجێ هێشتووە و پەیامی بە واشنتۆن داوەتەوە و لەگەڵ ئاگاداربوونی دۆناڵد ترامپ لە ناوەڕۆکی دانیشتنەکە، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا گرتووە و لەو پەیوەندییەدا جەختی لە یەکگرتوویی و سەروەریی سووریا کردووە و لە هەڵویستێکدا پشتی هەسەدەی بە یەکجاری بەر داوە. ترامپ هەروەها داوای لە شەرع کردووە کە ئاسایشی زیندان و ئۆردووگاگەلی ڕاگرتنی داعشییەکان بپارێزێت.
Your Comment